ئەنجومەنی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، کۆبوونەوەی ساڵانەی ناوەندەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد سلێمان ئەلئەحمەد، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندەکە و سیازدە ئەندامی ئەنجومەنەکە ئامادەی بوون، تاووتوێی دوو تەوەری سەرەکی کرا، یەکەمیان خستنەڕووی بڕگە و ناوەرۆکی پلانی ساڵی ڕابردوو بوو، لە ئەنجامدانی کۆنگرە زانستییەکان و مێزە بازنەییەکانی گفتوگۆ و چاپکردنی پەرتووک و نامیلکە، هەروەها چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارەکانی گۆڤاری (گرێبەستی کۆمەڵایەتی). کە لەو ساڵەدا تواندراوە ژمارەی پەرتووکە چاپکراوەکان لە ١٧ چاپکراو بگەیەندرێنە ٢٥ چاپکراو و ژمارەی نامیلکەکانیش لە ٩ چاپکراوەوە بۆ ١٩ نامیلکەی چاپکراو بەرزببێتەوە، هەر لە ٢٠٢٤دا ژمارەکانی حەفت و هەشتی گۆڤاری گرێبەستی کۆمەڵایەتی چاپ و بڵاوکراونەتەوە و ژمارەیەکی تایبەتیش بڵاوکرایەوە کە ناوەرۆکی بابەتەکانی کۆنگرەی چوارەمینی زانستیی ناوەندەکەی لەخۆ گرتووە.
تەوەری دووەمیش گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دانانی پلانیکاری ئەمساڵ (٢٠٢٥)، کە بڕیارە ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان لە (٢٦) کتێبەوە بگەیەندرێتە چاپکردنی (٣٢) کتێب، نامیلکەکانیش لە ژمارە (٢٠)ەوە بگەیەندرێتە ژمرە (٣٢)، هەروەها پانتاییەکی باشیش تەرخان بکرێت بۆ کتێبە وەرگێڕدراوەکان و پلان هەیە بۆ چاپکردنی چوار کتێبی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی کوردی، هەروەها هەردوو ژمارە (٩ و ١٠)ی ساڵی پێنجەمی گۆڤارەکە و ژمارەی تایبەتی ٢٠٢٥یش تەرخان دەکرێت بۆ ناوەرۆکی بابەتەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی ناوەندەکە، کە لە ١تا ٢/١٢/٢٠٢٤ لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، لە پلانی پێشنیارکراوی ناوەندەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٥، سێ ناونیشان بۆ سێ کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی نوێ خرانەڕوو، بڕیاریش وایە دوو گفتوگۆی مێزی بازنەیی ئەنجام بدرێن، یەکەمیان لە بەهاری داهاتوودا کە بە ناونیشانی : ئەحکامە نادیارەکانی ناو دەستوور و دووەمیان لە هاوینی ئەمساڵ کە بە ناونیشانی: دادوەریی کارگێڕی دەبێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، لەپای ئەو ماندووبوونەی بۆ سەرخستنی کاری ناوەندەکە ئەنجام دراوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی دامەزراندنی ناوەندەکە، پێشکەشی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد کرا و خەڵاتی قەڵغانی ڕێزلێنانی ناوەندەکەش پێشکەشی دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند، وەکوو کەسایەتیی ناوەندەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژێردرا، لەپای هەوڵ و چالاکی و پاڵپشتیی بەردەوامی لە ئیشوکارەکانی ناوەندەکە و پتەوکردنی پردی پەیوەندی نیوان ناوەندەکە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.