وەزارەتی داد بینایەکی نوێی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دروست کرد

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی بینای شیاو بۆ هەموو دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی سەردانیکار، وەزارەتی داد / بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، بینایەکی نوێی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دروست کرد.
لەوبارەیەوە د.لوقمان عومەر حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، بە پەیجی وەزارەتی دادی ڕاگەیاند: "ڕادەستی سەرەتایی بۆ بیناکە کراوە و ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی بیناکە دەکرێت. دابینکردنی بینای شیاو بۆ دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک لەو دەستکەوتە گرنگانەیە کە لە کابینەی نۆیەمدا بەدەست هاتووە؛ چونکە لە ساڵانی ڕابردوو زۆر لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانمان، یان لە خانووی کرێ دابوون یان بینای گونجاویان نەبووە. بە تەواوکردنی ئەو بینایەش بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ڕاپەڕین، لەجاران باشتر دەتوانێت خزمەتی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بکات ".
بینای نوێی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ڕاپەڕین، لەسەر ڕووبەری زەوییەکی (٦٠٦٨) مەتری دووجا دروست کراوە؛ لە دوو نهۆم پێک هاتووە. لە ژێرزەمینی بیناکە گەراجی گەورە بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل دابین کراوە. کۆی گشتیی ژوورەکانی بیناکە (٥٥) ژوورە، (٣٠) ژوور لەنهۆمی یەکەم و (٢٥) ژووریش لە نهۆمی دووەم؛ ڕەزامەندیش بۆ کڕینی کەلوپەلی بیناکە هەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، کە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، ژمارەیەک لە هێزەکانی پۆلیس بۆ پاسەوانیکردنی بیناکە دەست نیشان بکات.