دادگاکانی کارگێڕی لە ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان سەدان داوایان یەکلا کردۆتەوە

بەمەبەستی بەرقەرارکردنی سەروەریی یاسا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتی دادی و دادوەریی بە هاووڵاتییان، ئەنجومەنی شوورا لە هەرێمی کوردستان، کە یەكێکە لە دەزگا گرنگەکانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا توانیویەتی لە هەرسێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) دادگای کارگێڕیی دابنێت؛ ئەمەش وەکوو سەرخستن و برەودان بە سیستەمی دادوەریی دووانە لە هەرێمی کوردستاندا.
دادوەر سەردار یاسین، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیجی وەزارەتی داد ڕایگەیاند: "وەزارەتی داد، بۆ کردنەوەی دادگای کارگێڕی لە پارێزگای هەڵەبجە پرۆژەیەکی هەبوو، بەڵام بەهۆی هەندێک پێداویستیی لۆجیستییەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
سیستەمی دووانە یەکێکە لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی بواری سیستەمی دادگەری و دادوەری لە جیهاندا؛ مەبەست لەم سیستەمە، بریتیە لەوەی کە ئەو دۆسێ و داوا و سکاڵایانەی کە هاووڵاتییان لەسەر یەک لە فەرمانگە فەرمییە حکومییەکان هەیانە، ناچێتە بەردەم دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی دادوەری، بەڵکو دێتە بەردەمی دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی شوورا؛ واتە (دادگای کارگێڕی). هەروەها سکاڵا و داوای فەرمانبەران لە فەرمانگەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوە لە بەردەم دادگاکانی سەر بە ئەنجومەنی شوورا یەکلایی دەکرێنەوە؛ کە خۆی لە (دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران) دا دەبینێتەوە؛ ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران، مافی گشتییە لەیەک کاتدا و وەکوو یەک و بەپێی یاسا.
هەربۆیە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، ئەنجومەنی شوورا (٤٠٩) داوای بەدەست گەیشتووە، کە هەموویان بەئەنجام گەیەنراون؛ دادگاکانی کارگێڕی لە (هەولێر و سلێمانی و دهۆک)، (٣٤٣) داوایان هەبووە، کە (٢٧٢)یان یەکلایی کراونەتەوە.
دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانیش، (٣٠٢) داوای بەدەست گەیشتووە؛ کە (١٦٤) داوایان بەئەنجامدراوە و یەکلاکراونەتەوە و هێشتا (١٣٨) داوایان لەبەردەستدا ماوە.
هەر لە ٢٠٢٤ دا، ئەنجومەنی شوورا، داڕشتنەوەی بۆ (٣) پرۆژە یاسا کردووە؛ کە (٢)یان تەواوکراون. هەروەها داڕشتنەوەی بۆ (٤) ڕێنمایی کردووە، کە (٣) دانەیان تەواوکراوون؛ (١٥) ڕادەربڕینیش پێشکەش کراوە. داڕشتنەوە بۆ (٦) پێڕەو کراوە، کە هەموویان بەئەنجام گەیەنراون.
لەبارەی داواکانی پێداچوونەوە، (٤٠٩) داوا هەبووە، کە کاری هەموویان بەئەنجام گەیەنراون و یەکلا کراونەتەوە. داواکانی بەردەم دادگای کارگێڕی (٣٤٣) داوا بووە، کە (١٣٤)یان لە بەردەم دادگای کارگێڕی هەولێر و (١٧٠)یان لە دادگای کارگێڕی سلێمانی و (٣٩) داوایان لە دادگای کارگێڕی دهۆک بووە. لە هەولێر (١٠٧) داوا و لە سلێمانی (١٣٥) داوا، لە دهۆک (٣٠) داوا یەکلایی کراونەتەوە. ژمارەی داواکانی بەردەم دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، (٣٠٢) داوا بووە؛ کە (١٦٤)یان ئەنجامدراون و هێشتا (١٣٨)یان لەبەردەستدان.