لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی جێگرایەتیی داواکاری گشتی دەکرێتەوە

وەکوو جێبەجێکردنی سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەروەریی یاسا، لە پێناوی باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دەست ڕاگەیشتنیان بە هەموو خزمەتگوزارییەکی یاسایی و دادیی، لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان؛ وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی (جێگرایەتیی داواکاری گشتیی ماوەت) لە ناوەندی قەزای ماوەت، لە پارێزگای سلێمانی دەرکرد.
وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، بە بەیانی ژمارە( ٢)ی ساڵی ٢٠٢٥، ئەو بڕیارەی دەرکردووە؛ بەیانەکە هەفتەی ڕابردوو لە ژمارە (٣٣٥)ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە؛ بەوەش بڕیاری کردنەوەی جێگرایەتیی داواکاری گشتیی لە ماوەت، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەو نزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ کردنەوەی دەکرێت٠