Skip to the content

وەزیری داد پێشوازی لە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی داد، پێشوازی لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
تەوەری سەرەکی دیدارەکە، دووپاتکردنەوە لە هەماهەنگی زیاتری وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو؛ بەشێوەیەک کە ئیشوکاری هاووڵاتییان بە ئاسانی تەواو بکرێت، بەپێی یاسای ژمارە (٥٢)ی ساڵی ١٩٧٠، تایبەت بە ڕاستاندن و پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان.
 وەزیری داد و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەبارەت بە چۆنێتیی کاروباری ڕاستاندن و پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان، تێبینی و ڕوونکردنەوەی پێویستیان خستە ڕوو. هەردوولا بڕیاریاندا هەماهەنگی تەواو بەیەکەوە بکەن؛ لە پێناو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاسانتر ڕاییکردنی مامەڵەی پەسەندکردن و ڕاستاندنی بەڵگەنامە فەرمیی و یاساییەکان.
سۆزان ڕەشید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی داد لە وەزارەتی داد، سەلیم پاشا و خەندان ڕاوێژکارانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕزگار خاڵانی، بەڕێوەبەری یاسایی، لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەی دیدارەکە بوون.