Skip to the content

ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڕیارەکانی لێخۆشبوونی هاووڵاتییان لە بڕە پارەیەک بڵاو دەکاتەوە

لە چوارچێوەی جیبەجێکردنی سیاسەتی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئاسانکردنی باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتییان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمساڵدا ژمارەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی هاووڵاتییانی لە بڕێک پارە دەر کرد.
بڕیارەکان لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی " وەقایعی کوردستان " بڵاوکرانەوە؛ کە بڕیاری ژمارە (٢٨١)ی ساڵی ٢٠٢٥ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە؛ تایبەتە بە لێخۆشبوونی بڕی پارەی ماوەی پێشینەی هاوسەرگیریی کوڕ و کچی شەهیدان.
هەروەها بڕیاری ژمارە (٢٨٢)ی ساڵی ٢٠٢٥ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن، بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ. هەروەها ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٥ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی تایبەت بە ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەموارکراو لەهەرێمی کوردستان. ئەو بڕیارانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سوودی لێ وەربگرن و بڕە پارەیەکیان بۆ دەگەڕێتەوە کە دەبوو بیدەن.
لەپاڵ ئەوانەدا، لە ژمارە (٣٣٥)ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارەیەک بڕیار و ڕێنمایی و بەیان بڵاوکراونەتەوە؛ وەقایعی کوردستان، ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەری دەکات.

لەم لینکەی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەو ژمارەیە بخوێنەوە: لینکی ژمارەکە