Skip to the content

یاسای رۆژنامەوانی بەسەر ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا جێبەجێ دەكرێت

ئەنجوومەنی شوورا، ڕای خۆی لەسەر جێبەجێکردنی حوكمەكانی یاسای ڕۆژنامەوانی و یاسا پەیوەندیدارەکان بەسەر بڵاوکراوەی ئەلکترۆنیدا دەردەبڕێت.

ئەنجوومەنی شوورا، کە یەکێکە لە دەزگا سەرەکییەکانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕادەربڕینەدا دووپاتی کردۆتەوە کە: حوکمەکانی یاسای رۆژنامەوانی و یاسا پەیوەندیدارەکان، بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی
پەیڕەو دەکرێن، بە هۆکاری ئەوەی لە رووی یاساییەوە تایبەتمەندیی رۆژنامەوانییان هەیە، تەنیا ئەو دەقانە نەبێت، کە بە تەنیا شیاون تا بەسەر رۆژنامە پەڕە – وەرەقییە- باوەکاندا پەیڕەو دەکرێن.


بە ئامانجی رێکخستنی میدیا و جێبەجێکردنی یاسا، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکیدا، ڕۆژی ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە مەبەستی رێکخستنی ماڵپەڕ و رۆژنامە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوی کردۆتەوە، ڕاگەیاندووە: بە هۆی کارکردن بەم ڕادەربڕینەی ئەنجوومەنی شووراوە، توانراوە پرسی کاری ماڵپەڕ و رۆژنامە ئەلیکترۆنییەکان ڕێک بخرێتەوە، تا ئێستا توانراوە ماڵپەڕە تۆمارکراوەکان لە سەندیکا ژمارەیان بگاتە ١٥٢، بۆ ساڵی ٢٠٢٥، زۆربەی ماڵپەڕەکان تۆماری خۆیان نوێ کردۆتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسان، دووپاتی کردوتەوە، لە دوای ئەو ڕادەربڕینەی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمەوە، بە پێوانە لەسەر رۆژنامەگەری، ماڵپەڕەکانی هەواڵ و زانیاری لەلای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەپێی ڕێوشوێنەکانی هەمان یاسا تۆمار دەکرێن و رێک خراون.

ڕادەربڕینەکەی ئەنجوومەنی شوورای سەر بە وەزارەتی داد، ژمارە ٣٤/٢٠١٦، لە ٢١/١٢/٢٠١٦، لەسەر نووسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژمارە ( ٤/١/٤٨٧٢ لە ٢٣/١١/٢٠١٦)، کە بۆ ئەنجوومەنی شوورای ناردووە و لەبارەی پرسی رێکخستنی ماڵپەڕ و رۆژنامە ئەلیکترۆنییەکانەوە داوای ڕادەربڕینی کردووە.