Skip to the content

زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی تاپۆ کراون

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 80 هەزار کارتی زەویی گۆڕیوە بۆ سەنەدی یاسایی (تاپۆ)، کە بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی بوونەتە خاوەنی ڕاستەقینەی موڵکەکانیان و دەتوانن هەموو مامەڵەیەکی یاسایی پێوە بکەن.

لوقمان عومەر حسێن، بەڕێوبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە ٢١-١٠-٢٠٢١ ەوە تاکوو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٨٠ هەزار کارتی زەوی گۆڕدراون بۆ سەنەدی یاسایی، هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، 1680 کارت لە کەرتی بێریات لە ژمارە ٥/١٢٨٨ تا ژمارە ٥/٢٩٦٨ و لە کەرتی ٤٢ی کانی قڕژاڵەش ٣٣ کارت بوون بە سەنەد و ڕادەستی شارەوانی کران.
لەبارەی زەویی کارت، لە ناوشاری هەولێر پرۆسەکە تەواو بووە، تەنها دەوروبەر چواردە هەزار کارت ماوە، هەندێک کێشەی هونەرییان هەیە کە لەلایەن یەکەی گۆڕینی کارت چارەسەر دەکرێن، هەرکاتێک چارەسەر کرا فەرمانگەکانی پەیوەندیدار تۆماریان دەکەن و سەنەدیان پێدەدەن؛ پلانی داهاتووش بریتی دەبێت لە تەواوکردنی ئەو کارتانەی ماون.