Skip to the content

وەزارەتی داد چەند ڕێنماییەکی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان دەرکرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١٩ى ئايارى ٢٠٢٥، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٥ی تایبەت بە یاسای ژمارە ٥٢ی ساڵی ١٩٧٠ ده‌ركرد، کە تایبەتە بە ڕاستاندنی واژۆکانی سەر دۆکیۆمینت و بەڵگەنامەکان.
ڕاستاندن لەلایەن دامودەزگه‌ فەرمیيەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچێت و پشتگیرییە لە ڕاستی و دروستیی واژۆ و مۆرەکانی سەر بەڵگەنامەکان، کە لە ناوخۆدا ڕێکخراوە، بە ئامانجی کارپێکردنی لە دەرەوەی وڵات، یان لەلایەن کونسولخانەکانی عێراق و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، بە مەبەستی کارپێکردنی لە نێوخۆی هەرێم.
وەزارەتی داد، تایبەتمەند دەبێت بە ڕاستاندنی ئەو بەڵگەنامه‌ و دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەوە دەرچوون، یان ڕێکخراون، بە مەبەستی کارپێکردنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دواتر فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ لە هەرێم، ڕاستاندنیان بۆ دەکەن.
هەروەها ئەو دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامانەی کە لەلایەن نوێنەرایەتيی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە ڕاستاندنیان بۆ کراوە، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم پشتگیری دەکرێن، پێویستی بە وەزارەتی داد نابێت.