Skip to the content

تێبینەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە شارەدێی کەسنەزانی پارێزگەی هەولێر کرایەوە

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە نوێنەرایەتیی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، لوقمان عومەر حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، تێبینەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی لە شارەدێی کەسنەزانی پارێزگەی هەولێر کردەوە.

لە گوتەیەکدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کورستان، ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەو تێبینەرایەتییە دا و دووپاتی کردەوە کە " شارەدێی کەسنەزان سنوورێکی فراوانی هەیە و چەندان گوند و شوێنی نیشتەجێبوون و زەویی کشتوکاڵی لەخۆ گرتووە و چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی تێیدا ئەنجام دراوە. ڕۆژانە هاووڵاتییان و خاوەن موڵکەکان لە ڕێگەی هەڵسوکەوتکردن بە موڵکەکانیانەوە، مامەڵەیەکی زۆر پێشکەش بە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە شوێنەکانی دیکە دەکەن، هەربۆیە کردنەوەی ئەم تێبینەرایەتییە پێویست بوو تا ئاسانکارییەکی زیاتر بۆ ئەو هاووڵاتییانە پێشکەش بکەین و زەحمەتییان لەسەر کەم بکەینەوە".

پێشتر فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە ناوەندی پارێزگای هەولێر و شارۆچکەی بنەسڵاوە تایبەتمەند بوون بە ڕاییکردنی ئەو مامەڵانە، ئەوەش زەحمەتییەکی زۆری ڕێگە و هاتوچۆی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست کردبوو، لەسەر ئەو بنەمایە و بەمەبەستی پێشکەشکردنی کاراسانیی هەڵگرتنی ئەو زەحمەتییانە لەسەر هاووڵاتییانی نیشتەجێ کەسنەزان، وەزیری داد لەسەر پێشنیازی بەڕێوبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێم، بڕیاری هێنانەکایەی ئەو فەرمانگەیەی لە کەسنەزان داوە.