Skip to the content

وەزیری داد دەسەڵاتی دادنووسی به‌ ژماره‌يه‌ك فەرمانبەری فەرمانگەکانی دادنووسيی دهۆک و زاخۆ دا

لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترخزمەتکردنی هاووڵاتیيان و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دادنووسی بە سێ فەرمانبەری وەزارەتی داد دا، کە پێشتر لە فەرمانگەی دادنووسيی دهۆک و زاخۆ کاریان کردووە.

وەزیری داد، بە فەرمانی وزاری و بەپێی ماددەی (٧) لە یاسای دادنووسان، ژمارە ( ٣٣)ی ساڵی ١٩٩٨، دەسەڵاتی دادنووسی بەخشییە هەر یەک لە ( بارین ساڵح ئەسعەد) فەرمانبەر بە ناونیشانی ( ی. دادوەری) لە فەرمانگەی دادنووسيی زاخۆ، (پەیمان سامر مستەفا) فەرمانبەر بە ناونیشانی (د.دادوەری /٥) لە فەرمانگەی دادنووسيی دهۆک و ( بژیان سەبغەتوڵا حاجی شێخۆ)، فەرمانبەر بە ناونیشانی (ی. دادوەری /٤) لە فەرمانگەی دادنووسيی دهۆک، کە هەردووکیان لەمەودوا لە فەرمانگەی دادنووسيی دهۆک / ئێواران دەست بەکار دەبن.

لە ڕێوڕەسمێکدا کە هەر یەک لە سۆزان ڕەشید ئەحمەد، بەڕێوه‌بەری گشتيی داد و ئازاد ڕۆستەم، بەڕێوه‌بەری گشتيی فەرمانگەکانی داد، ئامادەى بوون، هەر سێ فەرمانبەری ناوبراو، سوێدنی یاساییان خوارد، لەمەودوا لە فەرمانگەکانی خۆیان کاری دادنووسی دەکەن، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە وەزیری داد پێیداون بەپێی مادەی (٧)ی یاسای دادنووسان.

وەزیری داد لە گوتەیەکیدا داوای لێ کردن بەوریاییەوە بڕگە بە بڕگەی مادەکانی یاسای دادنووسی جێبەجێ بکەن و لە ئەنجامدانی کارەکانیاندا بەپێی یاسا، هاوکاريی هاووڵاتيیان بکەن.