ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ سزادراوانی سزای سێدارە تاووتوێ کرا

لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی داد، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام درا، لەبارەی بابەتێک کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەنجومەنی شوورا نێردرابوو.
بابەتەکە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ سزادراوانی سزای سێدارە و چەند حاڵەتێکی دیکەی پەیوەست بەم مژارەوە، لەوبارەیەوە ڕاوێژی یاسایی و ڕاڤەی پێویست کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا و ڕاوێژکارانی ئەنجومەن و نوێنەرانی هەر یەک لە ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ بەشدار بوون.
دوای ئەوەی نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ناوەرۆکی داواکارییەکەیان خستەڕوو، ئامادەبووان ڕاڤە و شرۆڤەیان کرد و چەندین تێبینی و پێشنیار و ڕاوبۆچوون خرانە ڕوو.
شايانى باسه بۆ بڕياردان لهسهر ئهم بابهته، ئهنجومهنى شوورا ماوهى چهند ڕۆژێكى پێويسته، بهڵام سەردار یاسین حەمەدئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنهكه، ئاماژەی بەوە کرد؛ لەبارەی داواکارییەکەوە شرۆڤە و ڕاڤەی گرنگ خراونەتەڕوو، کە دەوڵەمەند و بونیادنەرن، بۆ دەربڕینی ڕایەکی یاسایی لەلایەن ئەنجومەنی شووراوە، کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا بێت.