Skip to the content

وەزارەتی داد (پێشانگەی داد بۆ کتێب)ی کردەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی یاسایی، ڕۆژی پێنجەممە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، پێشانگەی داد بۆ کتێب کرایەوە. کە پێشانگەیەکی هەمیشەییی وەزارەتی داد دەبێت بۆ کتێبی یاسایی و ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەکات.
‎فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێوڕەسمێکدا پێشانگەی دادی بۆ کتێب بە فەرمی کردەوە، لەو پێشانگە هەمیشەییەدا لە ئێستادا هەموو کتێبانەی تێدا بەردەستە کە ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە چاپی گەیاندووە، لەگەڵ هەموو ژمارەکانی گۆڤاری (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) و نامیلکە یاساییەکان، کە هەموو کتێب و نامیلکە و ناوەرۆکی گۆڤارەکەش تایبەتمەندن بە بابەت و بوارە جیاجیاکانی بواری یاسا.
‎لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەی داد بۆ کتێب، شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد و، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، دکتۆر جوتیار عادل، بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامانی ئەنجوومەنی داد لە وەزارەتی داد و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی ئەنجومەنی شورا و دکتۆر محەمەد سلێمان ئەلئەحمەد، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، ئامادەی مەراسیمەکە بوون.
‎پێشانگەکەی وەزارەتی داد هەمیشەییە و ئەو کتێبەکانی بواری یاسا لەخۆ دەگرێت کە لە هیچ کتێبخانەیەکی دیکە دەست ناکەون، چونکە چاپکراوەکانی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد بە چاپی گەیاندوون، هەموو هاووڵاتی و کەسانی تایبەتمەندی بواری یاسا دەتوانن سەردانی بکەن و لەوێ کتێب بکڕن و داوای بکەن، بۆ داهاتووش ناوەندی توێژینەوەی یاسایی چاپکراوی دیکەی ژمارەیەک ناوەندی یاسایی جیهانی لە پێشانگەکەدا دادەنێت.
‎پێشانگەی داد بۆ کتێب، لە دیوانی وەزارەتی دادە و هەموو ڕۆژانێکی دەوامی فەرمی لە کاتژمێر (٩ی بەیانی هەتا ٢ی پاش نیوەڕۆ) کراوە دەبێت، لە مانگی داهاتووشەوە هەتا کاتژمێر (٦)ی ئێوارە کراوە دەبێت.