Skip to the content

وەزیری داد پێشوازی له‌ سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزاره‌ت، پێشوازی لە قەشە تۆماس پووڵ شووماخر، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتيی بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری داد، کورتەیەکی لەبارەی پێکهاتەی وەزارەتی داد و ئەرکەکانی خستەڕوو، دووپاتیشی لەوە کردەوە، کە لە هەرێمی کوردستاندا بە یاسا مافی پێکهاتە ئایينی و نەتەوەییەکانی کوردستان پارێزراوە و برایەتی نێوانيان نموونەیەکی بەرزی پێکەوەژیان و لێبوردەیيی ئایينیيه‌.

لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی نیودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە گوتەیەکدا دووپاتی کردەوە کە ناسیاويی ئەو لەگەڵ کورداندا بۆ ساڵی ١٩٨٢ دەگەڕێتەوە، هەروەها گوتی: هەرێمی کوردستان خاوەنی ڕابەرایەتییەکی لێهاتووە و کوردستانیش بووه‌تە بەهەشتێکی سەلامەت بۆ هەموو پێکهاتە ئایينی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە. ڕاشیگەیاند کە ئەو سەرسامی کوردە، چونکە لەو کاتەیدا کە نەیارەکانی دەیانەوێت پەرتەوازەی بکەن، توانیويانە لە چوارچێوەی فیدراڵیدا خۆيان کۆبکەنەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە زۆر گرنگە بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یاسادا جێگیر كراون.