داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوون ژمارەیەک دەرمانخانە و نەخۆشخانەی بەسەر کردەوە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یەک لە ئەرکە گرنگەکانی دەستەی گشتی لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییان، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەندامی دەستەی مافی گشتی، لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، دادوەر ئاریان نورەدین مستەفا، بەیاوەری تیمێکی تایبەتمەند لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ، ژمارەیەک نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی شاری هەولێری بەسەر کردەوە.
لەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەدا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی بازاڕ لە وەزارەتی تەندروستی و تیمەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و تیمی پۆلیسی یاوەری داواکاری گشتی بوون، تیمەکە سەردانی ژمارەیەک دەرمانخانە و کۆگای دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەتی کرد، بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوون بۆ سەرپێچییەکان.
لە ئەنجامی سەردان و پشکنین، تیمەکە تێبینیان کرد زۆر لە دەرمانی ماوە بەسەرچوو و قاچاغ لە کۆگایەکدا هەبوو، هەربۆیە دەستیان بەسەر داگیرا؛ هەروەها لە چەند نەخۆشخانەیەک تێبینیان کرد کە هۆڵەکانی نەشتەرگەری و ئامێرەکانیان گونجاو نین و شیاو نین بۆ نەشتەرگەریکردن و هەندێ نەشتەرگەریش ئەنجام دەدرێن تیایاندا کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراو نین، لە بەرانبەر ئەو سەرپێچیانەدا ڕێکاری پێویست وەرگیرا.