وەزارەتی داد باڵاخانهی نوێی بەڕێوهبەرایەتيی تۆمارکردنی خانووبەرەی ڕاپەڕینی کردەوە
ڕۆژى سێشهممه ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، شيلان عارف، بريكارى وهزارهتى داد، به نوێنهرايهتيى وهزيرى داد، به ئامادهبوونى لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتيی تۆمارکردنی خانووبەرە و هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، باڵاخانهى بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەى لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کردەوە، كه فەرمانگەی دادنووسيی بەیانیان و ئێوارانى ڕانیە و تێبینەرایەتيی چاودێريی ناکامەکانیشى لەخۆ گرتووە.
بە کردنەوەی ئەم باڵاخانەیە خزمەتێکی باشتر بە هاووڵاتیيانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەکرێت و دیزایينەکەی لەبارە بۆ بەگەڕخستنی سیستمی بەئەلەکترۆنیکردن و بەدیجیتهڵکردنی ئیشوکار و مامەڵەی هاووڵاتیيان، کە لە داهاتوودا دەبێتە هۆکاری خێرا جێبەجێکردنی مامەڵەکان و بەرزکردنەوەی کوالیتيی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین، ئەوەش وەکوو جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دادە بۆ بەئەلەکترۆنیکردنی سیستمی کارگێڕیی فەرمانگەکان.