ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمان
• پڕۆژەی چاکسازی بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران:
• چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.
• خەڵکی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/١١ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان - عێراق کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا ، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. گوتیشی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان. ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لە سەر یەک بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاریی، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.