راگەیێنراوێک لە لایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی دەستگیرکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا
لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا ، تووشی پەلاماردان و دەستدڕێژی بوونەوە بە هۆی ئەوەی ویستوویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن ، دواتر دەستگیرکراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە.
ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فرۆکەخانەکان و ھۆلەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.
بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە ، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن .
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان