Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفال وجینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت. جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدوادا هات.

دەڤەری بارزان لە سەدەی ڕابردوودا بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە کە دواترینیان هەڵمەتی جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی بووە، بەڵام ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆراگری و بەرگری و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات و دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون.

گەلی خۆراگرمان و کەسوکاری ئەنفالەکان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن. وەک حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە دەستەبەری هەموو ماف وپێداویستیەکانی ئەم ئازیزانەمان بکریت و خالێکی سەرەکیی دانوستانیشمان لە گەل حکومەتی عێراقی فیدرال، وەک هەمیشە پێداگری دەبیت لە سەر قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و یادیان هەمیشە بە شکۆوە رادەگرین.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان