شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران : تێگەیشتنی باش هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە 16/7/2019 شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ هەر یەک لە سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح ، سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە.
سەرەتا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار ، بەرهەم ساڵح پێشوازی لە مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری کرد و رایگەیاند ئەم سەردانە پەیامێکی گرنگ دەبێت بۆ دەربڕینی نیازپاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، راشیگەیاند "ئومێدێکی زۆرمان بە کابینەی نوێ هەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان"، هیواشی خواست لە سەر بنەمای دەستوور سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
پاشان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەلایەن عادل عەبدولمەهدی پێشوازی گەرمیان لێکراو لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق وێرای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، سوپاسی شاندی باڵای کوردستانیشی کرد کە وەک دەربڕینی نیازپاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان سەردانی بەغدایان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەرۆڵی هەرێمی کوردستاندا، لە پێشوازیکردنی لە ئاوارەکانی شار و شارۆچکە عێراقییەکان، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە دەتوانن کێشە هەڵواسراوەکانی نیوان هەردوولا چارەسەر بکەن.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی هەرێمی کوردستانی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپات کردەوە وگوتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەشدارێکی راستەقینە بێت لە عێراق و پێگە و ئەرک و مافی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور روون وئاشکرا بێت. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی، جگە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان داوای هیچ شتێکی زیاتر ناکەین، لە هەمانکاتدا سازیش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناکەین.
هەردوولاش رێککەوتن لەدوای ئامادەکردنی رەشنووسی پرس و کێشەکانی نیوان هەولێر و بەغدا و خستنەڕووی چارەسەرییەکان، لەماوەیەکی نزیکدا لیژنەیەکی باڵا پێکبهینن بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و دواتر لێژنەی تەکنیکی تایبەتمەند کۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بەپێی دەستوور بدەن. لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی" لە کۆبوونەوەکانماندا تێگەیشتنی زۆرباش هەبوو ، ئەو شتانەی پێویست بوو لەلایەن هەرێمەوە بگوترێ ئێمە باسمان کرد وبە زووییش دەست بە گفتوگۆی تەکنیکی دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکان".
لەدوا وێستگەی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان ، لە گەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوە . سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە نیازێکی باش لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ناكۆكییەكان، بۆ ئەم مەبەستەش زەمینەسازی سیاسی و یاسایی بە پێی دەستور دەکەین، جەختیشی لەسەر لە یەكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان و نەهێشتنی ناكۆكییەكان کردەوە بەو جۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای عێراق بكات. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە عێراقدا و مافە دەستوورییەکانی پێشیل نەکرێت .
شاندی یاوەری سەرۆک وەزیران پێکهاتبوو لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ، داد ، پێشمەرگە ،دارایی وسەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ،سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران .