ئەنجومەنی وەزیران چاکسازییەکانی پێشمەرگە تاوتوێ دەکات و چەند بڕیارێکیش دەردەکات
• پشتیوانیی لە پرۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین
• سازش لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکان هەرێمی کوردستان ناکەین
• پێکهڵنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بابەتی کارمەندانی گرێبەست
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/١٣ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێکی دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاک وخەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامیێتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی وئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
پاشان خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی راپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی ٣ و ١٢ و ١٦ و ١٧ لە یاسای فیدراڵی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ و دوا پەرەسەندنەکانی لیژنەی پێکهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە دەستووری عێراق و یەکەمین کۆنووسی لیژنەکە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەلبژاردنەکانی عێراق کرد.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەک سازشیان لە سەر ناکرێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.