ئەنجومەنی وەزیران دوا پێشکەوتنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات
• ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی شاندی دانوستاندکار بۆ پرسی بودجەی فیدراڵ تاوتوی کرد.
• ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات و داواش لە هاووڵاتییان دەکات ئاو بەفیڕۆ نەدەن.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/٢٧ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانیی حەفتەی رابردووی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەولێر کە دووپاتکردنەوەی رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان بوو لە ناوچەکەدا.
ئینجا گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرا کە بە راسپاردە و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران بوون. ئەندامانی شاندەکە دوایین پێشکەوتنەکانی رەوشی دانوستاندن و گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بە ئاراستەی رێککەوتن لە سەر پڕۆژە بودجەی فیدراڵ بۆ 2020 کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردندایە لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراق. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا. بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندکار سەردانی بەغدا بکات.
پاشان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی خستەڕوو ، دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستن و یەکخستنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و، پێداچوونەوەی تەرخانکراوی خەرجییەکان لە سەر بنەمای پێداویستی و کارە لە پێشینەکان. ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە ریکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی رووتینی خەرجکردنی پێشینەی وەزارەتەکان بگرێتەبەر، بە جۆرێک ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن کار و پرۆژەکانیان راپەڕێنن لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانیان.
ئینجا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند روونکردنەوەیەکی پێویستی دەربارەی پڕۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان خستەڕوو، ئاماژەشی بەوەدا کە رۆژانە (٢.١ ملیۆن مەتر سێجا) ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنرێت، کە تێچووی گشتی رۆژانە لە سەر حکومەت (٨٤٠ ملیۆن دینارە)، کەبەداخەوە رۆژانە (٨٥٠ هەزار مەترسێجا) ئاوی پاکی خواردنەوە بە فیرۆ دەدرێت کەتێچووەکەی رۆژانە دەکاتە (٣٤٠ ملیۆن دینار) و ساڵانە زیاتر لە ١٢٤ ملیار دینارە، لەگەڵ بەفیرۆچوونی ٤٠ مێگاواتی کارەبای رۆژانە. ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات و ، داواش لە هاووڵاتیان دەکات کە بەرپرسیاریەتی پاراستنی ئاو لە ئەستۆبگرن کە سامانێکی نیشتمانییە و، سنوورێکیش بۆ بەفیڕۆدانی ئاو دابنرێت، چونکە خەرجییەکی زۆر لە سەر حکومەت دەکەوێت.
لە کۆتاییدا کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا روونکردنەوەی پێویستی بە داتا وزانیاری دا لە بارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتیان کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی زیاتر بەهۆی وەرزی زستان و ، زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی کارەباوە دروست بووە. وەزیری کارەبا ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا لەمبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاريدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو گفتوگۆی زیاتر لە سەر پرسی کارەبا بکات.