ئەنجومەنی وەزیران دۆخی عێراق و سوریا تاوتوێ دەکات
• ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
• ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە
• دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٠/٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سوریا. دەربارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆک وەزیران هەروەها تیشکی خستە سەر سەردانی گرنگی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلوماتکار و خاوەنکارانی رووسی هاتبوو.
دەربارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاری وپێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ، کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیارەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران. ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاندانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت لە رێگەی پاراستنی ماف و شایستەکانیان.