Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە

• پێداویستییە گرنگەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابین بکرێت
• پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
• کەموکورتی رێگاوبانەکان چارەسەر بکرێن پێش دەستپێکردنی بارانبارین.


رۆژی چوارشەممە 2019/9/4 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێزان وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راپۆرتێکی بەرفراوانیان لە بارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی وەرزی خوێندنی 2019-2020 پێشکەشکرد.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگیدان و پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە کار لە سەر ئەوە بکرێت کە ئاستی قوتابخانە و زانکۆکانی کەرتی گشتی بەرز بکرێتەوە بە شێوەیەک کە جیاوازی ئاستی نێوان قوتابخانە و زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کەم بکرێتەوە .
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک لە وەزیرانی پەروەردە ، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ، دارایی و پلاندانان پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە گرنگەکانی وەرزی ئێستای خوێندن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابین بکرێن.
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ بکرێت. هەروەها بەرنامەیەکیش دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتی رێگاوبانەکان پێش دەستپێکردنی بارانبارین.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی کرد وەک بەرگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و رێکخستنەوەی کاری ژمێریاری یاسایی.