سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێزدەمین پیشانگای نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی گشتی لە هەولێر کردەوە
مەسرور بارزانی:
• ئاسانکاری بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەین.
• کار دەکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی لەناوچەکەدا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩، سێزدەمین پیشانگای نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی گشتی لە هەولێر کرایەوە، بەر لە کردنەوەی پیشانگاکەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا رایگەیاند، خۆشحاڵم بە کردنەوەی پیشانگایەک، کە ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٤ وڵاتی جیاواز لە ئەمریکا، ئەوروپا، ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەشداریان تێداکردووە، کاری لەپێشینەی حکومەت گرنگیدانێكی تایبەتە بە گەشەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین ئەو پیشانگایە سەرەتایەک بێت بۆ پەیوەندی نێوان بازرگان، سەرمایەداران و وەبەرهێنەران لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوە، هەروەها کار لە سەر ئەوە دەکەین تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی کەرتەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: بۆ ئاسانکاریکردنی کاری وەبەرهێنەران، بازرگان و خاوەن پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لەتواناماندابێت پێشکەشی دەکەین.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە، کار لەسەر کاراکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکەین، کە دەبنە هۆکارێک بۆ کارئاسانی بۆ کاری بازرگانان و وەبەرهێنەران، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، هەموو هەوڵێکی پێویست بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکارییەكان دەدەین، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکەین هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی لە ناوچەکەدا.