سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبووەنەوەی لیژنەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی کرد
· مەسرور بارزانی: پێویستە دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2019/9/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبووەنەوەی لیژنەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە حکومەت کار لە سەر ئەوە بکات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی وهاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت. گوتیشی کارو ئەرکی ئێمە بەرگریکردنە لە مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتەکان و رێکخستنەوەی باج و گومرگەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت جەختی لە سەر دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان کردەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.