Skip to the content

پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەنجا و هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بە بۆنەی پەنجا و هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول


ئەمڕۆ پەنجاو هەشت ساڵ بە سەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت کە بە درێژترین و مەزنترین شۆڕشی گەلی کوردستان دادەنرێت بە سەرکردایەتی رێبەری نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی نەمر.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە لە یازدەی ئەیلوولی 1961 دەستی پێکرد و سەرتاسەری کوردستان گرتەوە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد ، گەورەترین شۆڕشی خەڵکی کوردستان بوو دژی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا رووبەڕووی ستەمکاریی بوونەوە و کوردستان ببووە پەناگەی هەمووی ئازادیخوازانی عێراق.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە و پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرە بەشدارەکانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە ، بەها و پرنسیپە بە نرخەکانی ئەو شۆڕشەشمان لە یادن وەک خۆڕاگری و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە جێی شانازیمانن و ئومێدەوارین هەر بە زیندوویی بمێننەوە و خەڵکی کوردستانیش بە هەمان گیانی تەبایی و یەکڕیزی پارێزگاری و داکۆکی لە ماف و دەسکەوتەکانیان بکەن.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و
سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11 ی ئەیلولی 2019