سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران : دەستبەرداری ماف وداخوازییە دەستوورییەکانمان نابین.
رۆژی یەکشەممە 2019/9/8 کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە رەوشی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئاگادار کردەوە و گوتی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا هەیە و هیوادارین لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک پرنسیپەکانی : هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە کێشەی خەڵکی کوردستان تەنیا بودجە و مووچە نییە بەڵکو ئێمە خاوەنی پرسێکی نیشتمانین و داخوازی نەتەوەییمان هەیە و دەستبەرداری ماف وداخوازییە دەستوورییەکانمان نابین.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران لەسەر چەند تەوەرێک بە درێژی زانیاری پێویستیان لە بارەی ماف و داخوازییە دەستوورییە پێشیلکراوەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان خستەڕوو.
• • یەکەم: سەبارەت بە نەوت و راددەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت وشایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتی مانگانەی نەوت کە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، زانیاریی ورد وپێویست خرانە روو . ئەم زانیاریانەش بەشێکە لە پرۆژەی وردبینی نەوت وگازی هەرێمی کوردستان کە لایەن کۆمپانیای نێودەلەوتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەکراوە وسیاسەتی شەفاف و ئاشکرایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری نەوت وگازدا.
• • دووەم : قەرزەکان: سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکە لە دۆسیەکانی گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی. هۆکاری سەرەکی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینکردنی خەرجی زیاتر لە دووملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
• • سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پابەندبوون بەو ئیلتیزاماتە دەستووریانەی کە لە ئەستۆیدایە، لە هەمانکاتدا بە هیچ شێوەیەکیش سازیش لە سەر ماف و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناکات.
لە کۆبوونەکەدا ئاماژە بەوە درا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30 ی تەمووزی 2019 سەرۆک و ئەندامانی لیژنە تەکنییەکانی دەستنیشانکردووە و گفتوگۆکانیش لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بەردەوامە لە سەر دۆسییەکانی دارایی وبودجە ، نەوت وگاز ، قەرزەکان ، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . بەو ئاراستەیەی کە بتوانین بگەینە رێککەوتن لە سەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2020 و کارکردنی بەردەوام لە سەر چارەسەریی درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لە سەر بنەمای دەستوور وبەرژەوەندی هاوبەش و بەرەچاوکردنی پرنسیپەکانی شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژە بەو یاسایانەش درا کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچن و نەگونجاون لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆشحاڵ بوون بەو کۆبوونەوانە و ئەو زانیاریە ورد وپێویستانەی خرانە روو ، بڕیاريش درا لە پێناو هەماهەنگی زیاتر کۆبوونەوەی نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.