Skip to the content

حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێمییان تاوتوێ كرد

ھەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، بە‌ ئامادە‌بوونی جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندی دانوستانكاری ھە‌رێم، لە‌گە‌ڵ جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق و سە‌رۆک فراكسیۆنە‌ كوردستانییە‌كانی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٧ نیسانی ٢٠٢٠ لەتەلاری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، كۆبوویەوە‌.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ كرا، لە‌بارە‌ی رە‌وشی دارایی عێراق و لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها پە‌یوە‌ندییە‌كانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غدا و كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان خرانە بەرباس.

لە گفتوگۆكاندا جە‌خت کرایەوە لە‌سە‌ر داڕشتنی سیاسە‌تێك كە‌ ‌لە‌گە‌ڵ ئە‌م قۆناغە‌دا بگونجێت و بتوانرێت ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھاوڵاتیانی كوردستان بە‌دە‌ست بهێنرێت.

كۆبوونە‌وە جە‌ختی لە‌سە‌ر گرنگی یەكدە‌نگی فراكسیۆنە‌ كوردستانییە‌كان وھە‌ماھە‌نگی زیاتر لە‌نێوان حكومە‌تی ھە‌رێم و فراكسیۆنە‌ كوردستانییە‌كانی بە‌غدا كردەوە،‌ لەپێناو بە‌رگریكردن لە‌ مافە‌كانی خەڵكی كوردستان و بە‌دە‌ستھێنانی شایستە‌ داراییە‌كانیان كە‌ مافێكی سە‌رە‌تایی ھاوڵاتیانە‌.

كۆبوونە‌وە‌ ئە‌وە‌شی دووپاتكردە‌وە‌ كە‌ دە‌بێت ھە‌موو ھە‌وڵێك لە‌سە‌ر ئە‌و بنە‌مایە‌ بێت كە‌ قوتی ھاوڵاتیان نە‌كرێتە‌ گوشاری سیاسی‌.
ھە‌روە‌ھا جە‌خت كرایە‌وە‌ كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم پابە‌ندە‌ بە‌ پابەندییە دارایی و نە‌وتییە‌كان بۆ جێبە‌جێكردنی ئە‌و لێكتێگە‌یشتنە‌ی نێوان ھە‌ریم و بە‌غدا كە پێشتر‌ لە‌سە‌ری رێككە‌وتبوون.

ھە‌روە‌ھا ‌‌ جە‌ختكرایە‌‌وە‌ كە‌ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە بواری دارایی و نەوت دەبێت لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیی و یاسای دابەشکردنی داهاتەکان بێت و بەجۆرێک ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەردوولای تیادا جێگیر بکرێت.

دواتر شاندی دانوستانكار ناوە‌ڕۆكی كۆبوونە‌وە‌كانیان لە‌ بە‌غدا خستە‌ڕوو و بۆچوونی خۆیانیان سەبارەت بە چۆنیە‌تی مامە‌ڵە‌كردن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق باس کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و نوێنەرانی فراكسیۆنە‌ كوردستانییە‌كان ڕاو سەرنجی خۆیانیان بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كانی نێوان هەولێر و بەغدا پێشكەش كرد.