حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەنامەی یاسایی وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە ٢٨ نیسانی ٢٠٢٠ لە نووسراوێكدا بۆ ئەمینداریێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی، بە بەڵگەی یاسایی وەڵامی حکومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاساییبوون و نادەستووریی بوونی بڕیاری راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوەتەوە.
لە نووسراوەكەدا کە چەندین خشتەی لەگەڵ هاوپێچ کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە هاوشانی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی گشتیدا جێبەجێ دەكەن.
گرنگترین خاڵەکانی وەڵامنامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەنامەی یاسایی وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نایاسایی و نادەستوورییە.
• حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ پێشوەختە پارەی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی لە هەرێم بڕیوە.
• هەرچەندە پێشمەرگە بە پێیی دەستووری عێراق بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە شەڕی دژی تیرۆر بینیوە و قوربانییەکی زۆری داوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراف هیچ مووچە و شایستەیەکی دارایی بۆ پێشمەرگە خەرج نەکردووە.
• حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا میوانداری زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر و و ئاوارەی کردووە بەتایبەتی ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراق کە بە تەنیا بەرپرسیارێتی خەرجییەکانی لە ئەستۆ گرتووە و حکومەتی عێراق لەم رووەوە هیچ هاوکارییەک و یارمەتییەکی پێشکەش نەکردووە .
• حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی بە سەرجەم ئەو زیانانەی هاوپێچ کردووە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ بە هەرێمی کوردستانیان گەیاندووە کە دەکاتە بڕی ( 384.698.302.600 ) سێسەد و هەشتاو چوار ملیار و شەسەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و سێسەد و دوو هەزار و شەسەد دۆلار .
دەقی نووسراو و بەڵگە فەرمییەكانی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەم لینكەدا ببینە: