ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ دەربارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
• ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر بە تەمویلکردنی بە ڕێژەی 79% دەکرێت.
• حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کورتهێنانە بە قەرز دابین دەکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە.
• مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/2 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و هەموو هەوڵ و توانای خۆشی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ. گوتیشی شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم . روونیشیکردەوە کە ”لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن. بەڵام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە“. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 بەو داهاتەی کە لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە، بە تەمویلکردنی بە ڕێژەی 79% دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو و داوایکرد پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا ، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەکەدا، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە (دەرماڵەی لە بری کەمئەندامی) لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.