Skip to the content

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی لە بارەی هۆکاری گرانبوونی گاز لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بە پێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە.

لەم دوو رۆژەی ڕابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە. وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/٢/٢