Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات

سەرۆک وەزیران:
• هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە.

• هیواداراین هەموو لایەنەکان رێز لە رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن.

• حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

• ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕگەی بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند کرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١/٨ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە. سەرۆک وەزیران رایگەیاند ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەکە نین، چونکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی زیاتر و چالاکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرەخسێنێ بە تایبەتی داعش، هەرێمی کوردستانيش بە هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە. گوتیشی هیواداراین هەموو لایەنەکان رێز لە رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن.
سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان و چەند پێشنیارێکی تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا.
ئەنجومەنی وەزیران دوای راوێژ لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرد کە تایبەت بوون بە پاراستنی گشت شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە ئەژمێرێک کە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رێنماییەک رێکیدەخات. بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ئەولەویەتدانی حکومەت بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی، لە دەرئەنجامی ئەو بڕە پارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پاش تەشریعکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان.