سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٦/١١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پلان و پڕۆژەکانی حکومەت لە بواری گەشەپێدانی کشتوکاڵدا کرا.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێگەرد تاڵەبانی راپۆرتێکی وردی لە بارەی پلانەکان و ستراتیجی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ خستەڕوو، بە تایبەتی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زیدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد کە دەکرێ ببێتە کەرتێکی جێگرەوە و بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات لە ڕێگەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆ بەرهەمەکانیان.
بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٠/٥/١٩ دامەزراوە و سەرۆکی حکومەت سەرۆکی بۆردەکەیه و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەندامی بۆردەکەن.