ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنوورییەکان دەکەین، کە بووه هۆی زیانى گیانی و ماددى بە ھاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ناوچەكە.
حكومەتى هەرێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بە ھەر هۆکارێکەوە بێت.
داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین رێز له سەروەرى خاك و نيشتيمانمان بگرێت و پەکەکەش پێويسته ئەو ناوچانە چۆل بکات بۆ ئەوەی ئێدی نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.
حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک.
لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوكاری قوربانیان دەکەین و هیواى چاکبونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٩ حوزەیرانی ٢٠٢٠