Skip to the content

سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت

• دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن، رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێدەکات.

• لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت جەخت لەسەر یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە ٢ ئایاری ٢٠٢٠، لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەکەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ کاربەدەستەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو . جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەگەل بەغدا بە ئاراستەی پاراستن و دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، دۆخی دارایی ئێستای حکومەت تاوتوێ کرا و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرایەوە. هەروەها بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن، رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا، سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لەبارەی لامەرکەزیی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی لامەرکەزیی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتیی حکومەت، بە شێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتیی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی کردەوە.