پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی (123)مین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) پیرۆزبایی لە میدیاکارانی کوردستان و هۆگرانی پێشخستنی بواری رۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین دەکەین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەست کردن بە گرنگیی کاری رۆژنامەنووسی بۆ خستنەڕووی شەفافییەتی زیاتر لە راپەراندنی کاروبارەکانی دا، ئەرکی خۆی بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و داکۆکیکار بۆ کاری رۆژنامەنووسی جێبەجێ دەکات، کە لە سایەی دا میدیاکاران بتوانن ئەرکی پیشەیی خۆیان راپەڕێنن و ببنە دەسەڵاتێکی چاودێر بەسەر کار و ئەرکەکانمانەوە.
هیواخوازین میدیاکارانی کوردستانی هەڵگری ئەو پەیامە نیشتمانییە بن، کە 123 ساڵ لەمەوبەر بە دەستپێشخەری میقداد بەدرخان دامەزرێنەری یەکەمین رۆژنامەی کوردی دەستیپێکرد و بە درێژایی تەمەنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی لە گەیاندنی پەیامی دۆزی ڕەوای گەلی کورد گێڕاوە و، زۆرێک لە پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستانیش لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها (23)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە تەواوی ئەندامانی و رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
22ی نیسانی 2021