Skip to the content

‎پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردستان

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر پاکتاو و جینۆسایدی گەلی کوردستان لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە تێدەپەڕێت کە بە چەند قۆناغێک و لە ژێر ناوی ئەنفال هەزاران کەسیان زیندەبەچاڵ کرد.

‎ بۆیە لەم ڕۆژەدا سەری نەوازش بۆ شەهیدبوونی هەزاران کەس دادەنەوێنین کە ڕووبەڕووی نەگریسترین و دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ناوچەکە و جیهان بوونەوە.

‎بە خۆشییەوە ئێستا گەلی کوردستان ماوەتەوە و دیکتاتۆر و بکەرانی ئەنفال لەنێو چوونە، ئەمەش نیشانەی زیندوویەتی نەتەوەکەمان و شکستی پیلانی دوژمنانە.

‎ حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چی لە توانادا بووبێت دریغی نەکردووە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی زیاتریان و داواکردنی ماف و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان لە حكومەتی فیدراڵی عێراق.

‎سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال


د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14ی نیسانی 2021