Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 دەدات

• ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەڤەری گەرمیان لە هێرشی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون و بەدواداچوونی کرد بۆ پێداویستیەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی دیسەمبەری 2021 ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەڤەری گەرمیان، لە هێرشی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون، سەرۆکی حکومەت گوتیشی لە گەڵ هێزەکانی حکومەتی فیدرالی و هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندی بەردەوام داین بۆ ڕێگڕیکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییانە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە وداواش لە حکومەتی فیدڕاڵی کرا بۆ برەودان بە هەماهەنگیی سەربازیی و ئاسایش لەم بوارە تا ڕووبەڕووی ئەم هێرشە تیرۆریستانە ببینەوە، کە مەترسیەکی گەورەیە لە سەر هەموولایەک.
پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، تیشکی خستە سەر سەردانیان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمیان و ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەوە ، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ناوچانە، بۆشایی ئەمنیان تێدایە، لەم ڕووەوە چەند داواکاریی وپێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ تۆکمەکردنی زیاتری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستیيەکان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی وەزیری پێشمەرگە وچارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گرفتەکانی پێشمەرگە کردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی زیاتر لە گەڵ هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ کەمکردنەوە و سنوودارکردنی دەرفەتەکانی گەشەکردنی داعش لەو ناوچانە کە تەنها مەترسی نین بۆ هەرێم وعێراق، بەڵکو سەرچاوەی مەترسین بۆ ناوچەکە وجیهان بە گشتی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بريتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کوڵێج و بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە لایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا کە لە سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.

پاشان کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بەدەستی کاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی و هەوڵەکانی وەزارەت لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان .
ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی زیاتر ڕەخساندنی هەلی کار کردەوە لە کەرتی تایبەت و دابینکردن و ڕێکخستنەوەی گشت مافە یاساییەکانی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت بە شێوەیەک کە مافی خانەنشینی و بیمە و دڵنیاییان پارێزراو بێت، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر کراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بە ڕاسپاردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، کە جێگەی بایەخی حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن کە هاوکارن لەمبارەیەوە، هەروەها پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای کار و خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نوێ، کە کاری باشی لەسەرکراوە بەجۆرێک کە مافی کرێکاری تێدا پارێزراوبێت و هاندەربێت بۆ ئارەزووی کارکردن لە کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی، لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، پێشنیارێکی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین یان بڕیاری دابەشکردنی زەوییان هەبووە و زەوییان کەوتووەتە ناو سنووری شارەوانییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە قەرەبووکردنەوەی یاسایی هاووڵاتیان، پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەسەندکرد بۆ پێدانی دەرفەتێکی تر بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە و قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان.