سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : لەم مانگەوە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکرێت بە بێ لێبڕین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە 25 ی تەمموزی 2021 لە گوتارێکدا ڕایگەیاند کە لەم مانگەوە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکرێت بە تەواوی و بە بێ لێبڕین .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی لە پێشینەی حکومەت دابینکردنی مووچە بووە. ئەگەر حکومەتی فیدرالیش بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و ناردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە سەری ڕێککەوتووین ، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی .
دهقی گوتارهكهی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان:
بهناوی خوای گهوره و میهرهبان
كوردستانیانی خۆشهویست.. كوردستانیانی بهڕێز..
ئێمه دوو ساڵی سهخت و دژوارمان بهڕێكرد، كه پڕ بوون له قهیران و كێشه و گرفت، ههندێكیان سرووشتی بوون، وهكو پهتای كۆرۆنا و تێكچوونی باری ئابووری جیهان، كه كاریگهرییان لهسهر ههرێمی كوردستانیش ههبوون، ههندێك لهو قهیرانانهش به ئهنقهست رووبهڕووی ههرێمی كوردستان كرانهوه، بۆ ئهوهی ههم له پڕۆسهی چاكسازی خاومان بكهنهوه ههم وامان لێبكهن له مافه دهستوورییهكانی خۆمان واز بهێنین، بهڵام ئێمه سوور بووین لهسهر ئهوهی پڕۆسهی چاكسازی بهردهوام بین ههمیش بهرگری له مافه دهستوورییهكانی خهڵكی كوردستان بكهین.
لێرهدا به پێویستی دهزانم سوپاسێكی بێ پایانی ههموو هاووڵاتیانی كوردستان بكهم، بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیان كه لهگهڵمان مانهوه و تهحهمولی ئهو رهوشه ناخۆش و دژوارهیان كرد و متمانهیان به حكومهت لهدهست نهدا، سوپاسی ههموو ئێوهی خۆشهویست دهكهم.
ئێمه ئامادە نەبووین ملکەچ بکەین، بۆ هیچ یەکێك لەو فشارانە، ئەوەی لە تواناماندابوو بۆ دابینکردنی مووچە ئەنجاممان دا، بۆ ئەوەی بتوانین بەباشترین شێوە ئیدارەی وەزعی هەرێمی کوردستان بکەین، بەو بودجەیەی کە لەبەردەستی ئێمەدابوو، هەرچەندە کەمبوو و نەمانتوانی مووچە وەك پێویست وەکخۆی بدەین، وەك پێشتر بەڵێنمان دابوو لەگەڵتان راستگۆ و شەفاف دهبین.
ئەوەی لەبەردەستی ئێمە بێت، ئەولەویەت بۆ مووچەی هاووڵاتییان دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەوەی لەبەر دەستمان بوو درێغیمان نەکرد، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە وەکو پێویست بودجە بۆ دابینکردنی مووچە دابین بکەین، کە شایستەی خەڵکی کوردستان بێت.
خۆشەویستان پێویستە لێرە خاڵێك لەبەرچاوبگرن و بیرتان بێنمەوە، حکومەت تەنیا ئەرکی دابینکردنی مووچە نییە، حکومەتی هەرێم بەرپرسە لە دابینکردنی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، مووچە بەشێکە لەو ئەرکە، بەڵام جگە لە مووچەخۆران هەموو هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە حکومەت خزمەتیان بکات، کە دابینکردنی ئاو و کارەبا و رێگاوبان و پڕۆژەکانە، کە ئەمە ئەرکی حکومەتە ئەو خزمەتگوزارییانە بە هەموو خەڵك بگەیەنێت، بەوانەی کە مووچەش وەرناگرن، ئەو جووتیارانەی کاردەکەن، ئەرکی حکومەتە کارێك بکات کە بەروبوومەکانیان ساغ بێتەوە، هەر لەم روانگەیەشەوە حکومەت هەوڵیداوە، جگە لە دابینکردنی بودجە، بیر لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بەهێزیش بکاتەوە، تەنیا بابەتی مووچە و بودجە نییە، وەک باسم کرد، بەڵکو گەیاندنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێزە، بۆ ئەوەی بۆ داهاتووش بتوانین متمانە لەسەر داهاتەکانی ناوخۆمان بکەین.
فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی داهاتەکان، ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەوڵمانداوە بەبێ ئەوەی هیچ قەرزێك بکەین، خەڵکی کوردستان لە داهاتوودا متمانە بە داهاتەکانی خۆیان بکەن، لەمەش تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتووبووین، سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم، کە بە هانای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتن، لە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی حکومەت ویستوویهتی جێبەجێیان بکات، یارمەتیدەربوون و لەگەڵمان وەستان، ئێمهش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن و پشێخستنی ئەو پەیوەندییە تەندروستەیهی کە حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە دەتوانن ئابوورییەکی بەهێز بۆ کوردستان دابین بکەن.
وەک دەزانن دوای ماوەیەکی دوورودرێژ حکومەتی فیدراڵی، بڕە بودجەیەکی بۆ ئەم مانگە بۆ هەرێم نارد، کە ئەمە ئەو کەلێنەی کە مابووەوە بۆ دابینکردنی مووچە، دەتوانێت تا رادەیەك پڕی بکاتەوە. پێشتریش بەڵێنماندابوو بەپێی بودجەی بەردەست مووچە دابین دەکەین.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئابووریمان هەبوو، پێشتریش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانمان هەبوو، کە هەر کاتێک توانیمان مووچە بەبێ لێبڕین بدەین، بێگومان مووچەی خەڵك وەکخۆی بەبێ لێبڕین دابەش دەکەین، لێرە دەمەوێت بە هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویست رابگەیەنم، کە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابووری و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیشە، کە ئێمە لەم مانگەوە مووچەی خەڵکی کوردستان بەبێ لێبڕین دابین دەکەین و هیوادارم حکومەتی فیدراڵی لەو بەڵێنەی خۆی بەردەوام بێت، بۆ ناردنی ئەو بڕە بودجەیە، بۆ ئەوەی بتوانین لە مانگەکانی داهاتووش بەمشێوەیە مووچەی خەڵك بەبێ لێبڕین دابەش بکەین، ئەوە دەمنێنێتەوە کە ئایا حکومەتی فیدراڵی بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ دەکات یان نا.
دووپاتی دەکەینەوە، هەرکاتێك بودجەی بەردەستی ئێمە بەشی ئەوە بکات، کە مووچە وەکخۆی بەبێ لێبڕین دابەش بکەین، ئێمە پابەندی ئەو بەڵێنە دەبین و هیوادارین بتوانین لە ئایندەدا هەمیشە مووچە وەکو خۆی دابەش بکەین، بەڵام دیسان دەیڵێمەوە، ئهمه دەکەوێتە سەر ئەوەی کە حکومەتی عێراق پابەندی بەڵێنەکەی خۆی بێت لە ناردنی ئەو بڕە بودجەیە، کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.
جارێکی تر من سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم، هیوادارم ئێمە بتوانین لە ئاستی خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بین.
خاڵێکی دیکە هەبوو دەمەوێت باسی بکەم، ئەویش زیادبوون و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە، ئەم پەتایە بەداخەوە بووەتە مەترسی لەسەر هەموو جیهان، لە کوردستانیش لەم ماوەیەدا تووشبووان و گیان لەدەستدانیش زیادیکردووە، بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی وەکوخۆی جێبەجێ ناکرێت، داوا لە هەموو خوشك و برایانی بەڕێز دەکەم کە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن، خۆپارێزی بکەن بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان و کەسوکارەکانیان، هەروەها داوایان لێدەکەم پەلە بکەن لە خۆ كوتان، کە ئەمە بەپێی هەموو زانستەکانی پزیشکی و پسپۆڕان بەرگری لەش بەرامبەر بەو ڤایرۆسە زیاد دەکات، بۆیە ئەمە ئەرکە و داواتان لێدەکەم بە جددی وەریبگرن، داوا لە وەزارەتی تەندروستیش دەکەم بەشێوەیەکی خێرا بتوانێت ئەو ڤاکسینانە دابین بکات و زۆرینەی خەڵکی سوود وەربگرن لە خۆكوتانی بەم ڤاکسینه.
جارێکی تر سوپاستان دەکەم، هیوادارم پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە خوا نەخواستە بەبێ خۆپارێزی و خۆكوتان، ئەم رێژەیە بەردەوام لە هەڵکشان دەبێت، دواتر بەداخەوە گلەیی لە حکومەت و سیستمی دەکرێت، کە وەك پێویست ناتوانن چارەسەری خەڵك بکەن، ئەمە ئەرکێکی هاوبەشە، تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموومانە، کە هەم بتوانین خۆپارێزی بکەین، لە کاتی پێویستیش حکومەت بتوانێت لە خزمەتی ئێوەدابێت، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کە هاووڵاتییان پێویستیان پێیەتی، بەڵام تەنیا بۆ حکومەتی جێ مەهێڵن، تەنیا گلەیی لە حکومەت مەکەن، دەبێت خۆتان ئەو بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆ بگرن و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و خۆپارێزی بکەن، بۆ ئەوەی هەم ئێوە سەلامەت بن، هەم ئێمەش بتوانین بە باشترین شێوە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین.
جارێکی تر من سوپاسی هەمووتان دەکەم، هیوادارم هەمووتان تەندروست و سەلامەت بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
لینکی ڤیدیۆی گوتارەکە :