Skip to the content

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بە داخێکی زۆرەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2021/6/5 و لە ئەنجامی دانانی کەمینێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری ئامێدی، پێنج پێشمەرگە شەهید و چەندیش بریندار بوون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ھێرشەی پەکەکە بە توندی شەرمەزار دەکات و چیتر خەڵک و هەرێمی کوردستان رێگە نادەن ببنە قوربانی سیاسەتی هەڵەیان و ببنە ھۆکاری زیانگەیاندنی گیانی و ماددی بە ھەرێمەکەمان.

لە کاتێکدا ھێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە بە ھێرشکردنە سەر تەواوی خەڵکی کوردستان دەزانین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە لە پاراستنی هاووڵاتیان و بست بە بستی خاکی هەرێمی کوردستان، و بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەرگری لێبکات.

پرسەو سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو شەھیدانە دەکەین و خوازیارین لە یەزدانی دلۆڤان بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2021/6/5