پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى جەژنی ئەکیتۆ
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- حکومەتی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانى مەسیحى لە هەرێمى کوردستان دەکات، بە بۆنەى هاتنى جەژنی ئەکیتۆ و سەرى ساڵى نوێى بابلیی ئاشووری و سریانی و کلدانى، و سەرکەوتنی مروتوک بەسەر هێزى وێرانکەرى خائوس و ژیانەوەى زەوى و سەوزبوونى گەنم و جۆ و دەرکەوتنى خۆر و گەیشتنى دادپەروەرى.
گەلانى نێوان دوو ڕووبارەکە و کوردستانیان، تاوەکو ئێستاش هەمیشە نزیکایەتى و پێکەوەژیانیان لەنێواندا هەبووە و ئەمەش هۆکارى مانەوە و بەردەوامبوونیان بووە، و لە سایەى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش ئێستا کوردستان نیشتمانێکى ئارام و بەرەکەتدارە بۆ برا مەسیحییەکانمان کە ڕۆڵیان هەبووە و هەیە لە حوکمڕانى و ئاوەدانى و پێشخستنى کۆمەڵگە و هەموو هەوڵیشمان لە پێناو ژیانێکى شایستە و پڕ لە ئاشتى و خۆشییە بۆ هەموو لایەک.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/31