پەیامى گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى ساڵیادى ١١ى ئازار
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەى11ى ئاداری ساڵى 1970 تێدەپەڕێت، ڕێككەوتنێکى فەرمی و یاسایی و مێژوویی کە لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمى و دەستوریدا، بۆ یەکەم جار و لە عێراق دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا نرا.
ئەم ڕێککەوتنە کە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلول بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی بوو، وەرچەرخانى گەورە و بنەمایەکى بەهێز بوو بۆ ئاشتەوایی سیاسى و کۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق و دەستپێکى فەزایەکى نوێى کارى سیاسى و دیپلۆماسی لاى کورد.
ڕێککەوتننامەى 11 ى ئادار بنەماى تێهزرینى سیاسەتێکى حەکیمانە و ئاشتیخوازانە و هەوڵدانە بۆ پێکەوەژیان لە چوارچێوەیەکى دیموکراسى و دەستوورى و فیدراڵی کە ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیڕەوى دەکات و خوازیارە هەموو لایەنە سیاسییەکانى عێراقیش بەو ئایدیا و خواستەوە کار بۆ چەسپاندنى ئاشتى و ئارامى و بنیاتنانەوە و پێشکەوتن بکەن.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان