Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.

لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە.

حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافییەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكرا كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.

هاوكات ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.

د.جوتيار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2021/3/6