Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی دادەنێت

- بەڵێنەکانمان بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بەجێ گەیاندووە.

‎- ئەو پرۆژەیە تەنیا خزمەتی جووتیارانی سلێمانی ناکات، بەڵکو سوود و قازانجی بۆ هەموو جووتیارانی کوردستان دەبێت و ئاسایشی خۆراک دابین دەکات.

‎- پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی و زیادکردنی هەلی کار.

‎- کاردەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین و دەکرێ کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو ناوچەکە.

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئایاری 2021، بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیژی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی دانا و لە ڕێوڕەسمەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکی دا ئاشکرای کرد ڕاگەیاندنی ئەو پرۆژە ستراتیجیانە، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە حکومەتی هەرێم بەڵێنەکانی یەک لە دوای یەک بەجێ دەگەێنێت، ڕوونیشی کردەوە کە ئەو پرۆژە ستراتیجیە تەنیا خزمەتی جووتیارانی سلێمانی ناکات، بەڵکو سوود و قازانجی بۆ تەواوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت و ئاسایشی خۆراک بەهێز دەکات.

‎پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای قەیوان جێبەجێ دەکرێت، دروستکردنی سایلۆیەکی هاوچەرخ و عەمبارکردن و بە بازاڕکردنی گەنم و دانەوێلە و بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا و بەبپیی ستاندارە جیهانییەکان لەخۆ دەگرێت و تێچووی پڕۆژەکەش زیاتر لە 122 ملیۆن دۆلارە.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشك و برایانی خۆشه‌ویست، ئاماده‌بووانی هێژا، خۆم زۆر به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌ لێره‌ له‌گه‌ڵتان ئاماده‌ین له‌م شوێنه‌ مێژووییه‌ بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌ ستراتیجیە، بۆ كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران و به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم.

به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ پیشان ده‌دات، كه‌ دروستكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، جارێكی تر ئه‌وه‌مان بیردێنێته‌وه،‌ كه‌ به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك له‌دوای یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێن، هیوادارم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دڵنیایی بدات به‌ هه‌موو جووتیارانی كوردستان و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی، كه‌ چیتر خه‌می ئه‌وه‌یان نه‌بێت به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان چی لێبكه‌ن، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌توانێت نه‌ك ته‌نیا به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وان وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیكات به‌ خۆراك و له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان به‌كاریان بهێنێت، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ش ده‌دات به‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ئاسایشی خۆراك له‌ كوردستان دابین ده‌كرێت.

ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكانی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێن و هیوادارم ئێمه‌ بتوانین و خوا پشتیوانمان بێت، پڕۆژه‌ی تری ستراتیجیش جێبه‌جێ بكه‌ین بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

بێگومان كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كرێ وه‌كو سه‌رچاوه‌ی ژێرخانی ئابووری له‌ هه‌ر وڵاتێك سه‌یر بكه‌ین، به‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی زۆر كاری تریش دێنه‌ ئاراوه‌ و كه‌رتی پیشه‌سازی په‌ره‌ده‌سێنێت، كه‌رتی بازرگانی په‌ره‌ده‌سێنێت، به‌م شێوه‌یه‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌زاران هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكی كوردستان فه‌راهه‌م ده‌كرێت.

ده‌ستخۆشی له‌ گرووپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان ده‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌ ستراتیجیە و هیوادارم بتوانن له‌ داهاتوودا پڕۆژه‌ی گه‌ورەتریش جێبه‌جێ بكه‌ن.

به‌ڕێزان،
ئێره‌ شوێنێكی مێژووییه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ سوود له‌و به‌رهه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ خوا به‌ ئێمه‌ی داوه‌، ببینین، پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین وڵاتی ئێمه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر پێی خۆی و پێویستمان به‌ هاورده‌كردنی هیچ پێداویستییه‌كی تر نه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا ئێمه‌ بتوانین پێداویستی ناوخۆیی كوردستان دابین بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌م به‌رهه‌مه‌ وه‌ها لێبكه‌ین، بتوانین هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ داهاتێكی تر تاكو بتوانین پشت ته‌نیا یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات نه‌به‌ستین.

ئه‌مه‌ له‌به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا بووه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی ئه‌م كابینه‌یه‌ كە گوتوومانه‌، كه‌ ده‌مانه‌وێ داهاتی كوردستان هه‌مه‌جۆر بكه‌ین، جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا ئێمه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵكو ده‌بینین له‌ هه‌ندێك شوێن به‌رهه‌مه‌كان هاتوونه‌ته‌دی یان خه‌ریكن به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چێت.

لێره‌ش دروستكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌ستی پێكرد و هیوادارم له‌ ماوه‌یه‌كی زوو به‌رهه‌مه‌كانیان ببینین و خه‌ڵكی كوردستان دواتر شایه‌دی ئه‌وه‌مان بۆ بدات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌موو شتێك بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ ژێرخانێكی ئابووری به‌هێز له‌ كوردستاندا دروست بكات.

ئێمه‌ به‌دوای ده‌ستكه‌وتی كورتخایه‌ن نه‌بووین، ئێمه‌ بیرمان بیرێكی ستراتیجیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و نه‌ك ته‌نیا پێداویستییه‌كانی خۆی دابین بكات، به‌ڵكو ببێته‌ سه‌به‌ته‌یه‌ك بۆ دابینكردنی پێداویستی خواردن و خۆراك له‌ ناوچه‌كه‌شدا.
جارێكی دیكه‌ سوپاستان ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م، پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م.

له‌ كۆتاییشدا خاڵێكی تریش هه‌بوو ویستم عه‌رزی ئێوه‌ی به‌ڕێز بكه‌م، من لە ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییەوە داواکارییەکم پێگه‌یشتووه‌ بۆ دابینكردنی بودجه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازیکردن لەو سه‌وزاییه‌ی له‌ پاركی هه‌واری شار و شه‌قامی شێخ مه‌حموود و شه‌قامی تاسڵووجه‌ - سلێمانی هه‌یه‌، بڕه‌كه‌ی زیاترلە 5 ملیار و 700 ملیۆن دیناره‌، من ده‌مه‌وێ لێره‌ به‌ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی ڕابگه‌یه‌نم، كه‌ ئێمه‌ ئه‌م بڕه‌ بودجه‌یه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌وێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی.

جارێكی دیكه‌ سوپاستان ده‌كه‌م و هیوادارم هه‌میشه‌ ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووبن، كوردستانیش هه‌ر ئاوه‌دان بێت.