پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى ١ى ئایار ڕۆژى جیهانى کرێکاران
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بە بۆنەى یەکى ئایار ڕۆژى جیهانى کرێکاران، پیرۆزبایی لە کرێکارانى کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین.
کرێکاران بزوێنەر و جووڵێنەرى چەرخەى کار و ئابوورین، و سەرەڕاى ئەو ئەرکە قورسەى کەوتووەتە سەر شانیان، ڕۆڵێکى گرنگیان لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەى نیشتمانەکەمان دا هەیە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرزنرخاندنى ڕۆڵى کرێکاران لە کۆمەڵگەدا، پشتیوانى مافە ڕەواکانیانە بۆ دابینکردنى ژیانێکى ئارام و بژیوێکى شیاو و لەو پێناوەشدا هەمیشە کاریکردووە لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنمایییەکاندا، مافەکانیان دەستەبەر بکات.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان
٢٠٢١/٥/١