ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد بۆ باشترکردنی بەشە ناوخۆییەکان و بارودۆخی خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ وپەیمانگەکان
• ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا ، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نۆڤێمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد، کە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر، لە جیهان و هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە. سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەخت لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان کراوەتەوە .
پاشان سەرۆکی حکومەت ، باسی لە گرنگیی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ( دایەلۆگی مەنامە 2021 ) کرد کە لە ڕۆژانی 19- 21 ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە وەدا کە بەشداری هەرێمی کوردستان، جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێم وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان کرا، کە پێویستە دایەلۆگێکی هێمنانە لە نێوان لایەنەکاندا بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە بایەخی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە لە پێناوی دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگاکان تاووتوێ کرا ، کە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان ، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توند وتیژی، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا ، ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان کە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی کردەوە لە بەردەوامیی بەھاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە وئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێم، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ، لێکۆڵینەوە و ڕێکاریی قانونی بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی کە ئەم بارودۆخەیان قۆستووەتەوە و بازرگانی دەکەن بە ژیان و سەلامەتی کۆچبەران.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە ، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر بوو لە لایەن عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە بایەخی ژینگە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کە پرسێکی نێودەوڵەتيی گرنگە وجێی بایەخ وگرنگی حکومەتی هەرێمیشە، بۆیە گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە هاوکاری دەستەی پاراستن وچاککرنی ژینگە بکەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن سەرۆکی دەستەوە لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو ، بڕیاردرا ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی فراوان وگشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.