Skip to the content

سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران: ڕاستگۆیانە و خەمخۆرانە بەدواداچوون بۆ داواکارى و سکاڵاى هاووڵاتیان دەکەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە درێژەى چاوپێکەوتنی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە لایەن سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٥/١٠/٢٠٢١ى زایینى، لە فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی ئەنجومەن، د. ئومێد سەباح چاوى بە زیاتر لە دەیان هاووڵاتى کەوت کە بۆ سکاڵا و داواکارییەکانیان ڕوویان کردبووە ئەنجومەنى وەزیران.

د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران سەبارەت بەم کارەی و بینینى هاووڵاتیان ڕوو لە ڕوو، بۆ فەرمانگەى میدیا و زانیارى  گوتى: "لە چوارچێوەى کارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەرنامە و ئامانجمان خزمەتکردنى هەموو خەڵکى کوردستانە بە بێ جیاوازى و لە درێژەى کەمکردنەوەى ڕۆتین و گوێگرتنى ڕاستەوخۆى داواکاری و سکاڵاکانیان، هەموو ڕۆژانى سێشەممەمان داناوە بۆ ئەوەى لە کاتژمێر ١٠ بۆ ١٢ى نیوەڕۆ لە خزمەت هاووڵاتیانى خۆشەویستدا بین"، ئەمەشى بۆ پەیام و خواستى ئەم کابینەیە گەڕاندەوە کە "پێویستە بەدەر لە کارى کارگێڕى خۆمان، خزمەتکارى هاووڵاتیانى خۆمان بێت، بۆ ئەوەى گوێ لە خەم و داواکارییەکانیان بگرین".

سەبارەت بە چارەنووسى داواکارى و سکاڵایانەى کە هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ دەیگەیێننە ئەنجوومەنى وەزیران، د. ئومێد سەباح باسى لەوە کرد کە "ئەوەى لە چوارچێوەى دەسەڵاتەکانى ئێمە بێت کارەکانیان بۆ ڕایی دەکەین و ئەوەى پەیوەندیشى بە وەزارەتەکانەوە هەبێت بۆ ئەوانى ڕەوانە دەکەین تا کارى لەسەر بکەن و دواتریش جەنابی سەرۆکوەزیران لە کۆى بابەتەکان ئاگادار دەکەینەوە ".

ئەم پڕۆسەیە دوو حەفتەیە لە لایەن سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەستى پێ کردووە و لە حەوتووى یەکەمدا زیاتر لە ٧٠٠ هاووڵاتی گەیشتوونەتە ئەنجومەن و داواکارییەکانیان پێشکەش کردووە و لەم حەفتەیەدا نزیک لە هەمان ڕێژە لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران بینراون. بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی ئەنجومەنى وەزیران ڕاسپێردراوە تا میکانیزمى سەردانى هاووڵاتیان و ناوتۆمارکردنیان ڕێک بخات و هیچ هاووڵاتییەک لەیاد نەکرێت و هەر کەسێک کێشە و سکاڵا و داواکارییەکى هەبێت دادپەروەرانە بتوانێت سەردانى ئەنجومەنى وەزیران بکات.

بۆ ئەم مەبەستە دوو ژمارە تەلەفۆنى تایبەت تەرخان کراون بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتیان کە ئەوانیش بەم شێوەیەن:

ـ بۆ ناوتۆمارکردن، هاووڵاتی دەتوانێت پەیوەندى بە ژمارە تەلەفۆنى (٠٧٥١٤٣٤١٠٩٩) بکات  لە فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی و فەرمانگەش کاتى چاوپێکەوتن و سەردانى هاووڵاتییەکە دیارى دەکات.

ـ دواى ئەوەى هاووڵاتی، سکاڵا و داواکارییەکەى گەیاندە سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارى و سکاڵایەى بکات بۆ ئەوەى بزانێت چى بەسەر هاتووە و گەیشتووەتە کوێ. ژمارە تەلەفۆنەکەش برتییە لە (٠٧٥١٨٠٢٠٥٥١).

د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران لە کۆتاییدا باسى لەوە کرد کە "دڵخۆشین خزمەتکارى هاووڵاتیان و فەرمانبەرانى کوردستانی بین. هەر کەسێک گرفت و کێشەیەکى هەیە دەتوانێت لە ڕێگەى ژمارە تەلەفۆنەکانى سەرەوە کاتى چاوپێکەوتن وەربگرێت و بێت سەردانمان بکات و دواتریش دووبارە لە ڕێگە تەلەفۆنێکەوە بەدواداچوون بۆ کارەکانى بکات و هەروەها هەوڵیش دەدەین بەشى سکاڵاى هەموو وەزارەتەکان لێرە کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەى گوێ لە هەمووان بگرین و بەدواداچوون بۆ داواکارى هاووڵاتیان بکەین" و لە کۆتاییدا سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران هەموو هاووڵاتیانى دڵنیا کردەوە کە "ئێمە بە شێوەیەکى ڕاستگۆیانە و خەمخۆرانە، کار و بەدواداچوون بۆ داواکارى و سکاڵاکانتان دەکەین".

 

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

سەدان ھاووڵاتی، بۆ سکاڵا و پێشکەشکردنی داواکاری، ڕوویان لە ئەنجومەنی وەزیران، کردووه‌ - YouTube