Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی ئاوی پاک ونەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گرانبوونی نان و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە ڕێکاریی تەندروستیی تاووتوێ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 1 ی ئەیلوولی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد کە دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەڕەنسایە بە پەیوەندیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .

پاشان هەریەک لە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەیەکیان دەربارەی گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سوودەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو .

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ، تیشکیان خستە سەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە ڕەچاوکردنی تەندروستیی وژیانی هاووڵاتیيان و بەرگرتن لە هێنانی سووتەمەنی کوالیتی خراپ بۆ ناو هەرێم . هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق خرایەڕوو بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە ، خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بوو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا، ئەو بڕیارانە خرانەڕوو کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی ڕابردوو دەریانچواندوون بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی وپشتیوانیی وەزارەتەکان بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان لە دابینکردنی پێداویستیيەکانییان و ڕێکخستنەوەی بابەتی هێنانی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان . ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ، ڕێکاریی پێویست وەربگرن بۆ پشتیوانیی ئەم بوارە و کارکردن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لە ڕووی خۆراکیی وتەندروستیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی بەرامبەر سەرپێچیکاران، ئەویش بە ئاراستەی پاراستنی ژیان و تەندروستی هاووڵاتیيان ودابینکردنی نان وسەمون کە پێداویستی سەرەکین بە گونجاوترین نرخ و کوالیتی و ڕاسپاردنی لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانیی بۆ بەدواداچوونی بازاڕ.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژە وهەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێر زەویی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە ڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکان.

دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان لە ئامادەکاریی وڕێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022 بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە ومامۆستا وقوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەنجومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان وبرەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خوڵقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست وڕۆشنبیرن بە ڕەچاوکردنی پاراستنی ژیان وتەندروستیشیان.

لەکۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە سیم کارتی مۆبایلی بێ فۆڕم وبەرایی، بە شێوەیەک پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاری کڕیارانی سیمکارت دیاربێت ، هەموو ئەو سیمکارتانەش ڕابگیرێن کە بێ فۆڕمن، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە کۆمپانیاکانی مۆبایل پابەند بن و وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرا ڕێکار بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن .