ئەنجومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ دەکات و پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵییەکانیشی پەسەند کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ی ئەیلولی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند تێبینییەک، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی، ئەم یاسایە ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێج وپەیمانگا و ئامادەییە کشتوکاڵییەکان و دەرچووانی خوێندنی پزیشکی ڤێرتێنەری ، ئەوانەیان کە لە فەرمانگەکانی حکومەت دانەمەزراون . هەروەها دەبێتە هۆی بووژاندنەوە وپێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە ژێرسەرپەرشتی خاوەن توانای زانستی، کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی کاری کابینەی حکومەت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، لە لایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، (پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021- 2025 ) خرایەڕوو ، وەک بەشێک لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پلانی نیشتمانیی فیدراڵی کە لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە عێراق ئەندامە تێیاندا بە ڕەچاوکردنی تێبینی و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانج لێی گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووری فیدڕاڵی هاتوون سەرەڕای بەشداریکردنی هەرێم لە چوارچێوەی شاندە فیدڕاڵیيەکان لە گفتوگۆ و پێگە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و برەودان بە ڕۆڵی ئافرەتان و پێکهاتە ئایینی ونەتەوەییەکان و پێشوازیی لە ئاوارە وپەنابەران و دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی پلانەکە . دوای خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینییەک ، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری کۆتایی پەسەندکردنی بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.